لە ساڵی ٢٠١٨ دا، مەیسەم سەعید بڕیاری دانانی بەرحییەی دا، زانی کە کارەکەی چەند لایەن و تەوەرێک لە خۆیدەگرێت. دەیویست پێگەی عێراق لە بازاڕ و بازرگانیکردن بە خورما لە جیهان دا بیر عێراقییەکان بێنێتەوە لەڕێگەی دەستکردن بە بەرهەمهێنانی زیاتر لە ٦٠٠ جۆری خورما کە لە عێراق دا دەڕوێن. هەروەها بیری لە دروستکردنی کۆگا و کەشێکی لەباری فرۆشتنی بە کۆ دەکردەوە کە هاوشێوەی ئەو ئەزموونەی بێت کە لەوڵاتانی دەرەوە پەیدایکردبوو.
مەیسەم گوتی کە ئامانجی ئەوەبووە دیدی عێراقییەکان بەرانبەر بە خورما بگۆڕێت. درکی بەوەکردبوو کە خورما خواردنێکی سەرکییە لە نەریتی ژەمەخواردنەکان دا بەڵام خەریکە ووردە ووردە لە ناوەخۆدا بەهای خۆی لە دەست دەدات.
ناوبراو گوتی "بینیمان لە بازاڕ پێویستییەک لە چۆنیەتی بەرهەمهێنانی خۆرما بە شێوەی جیاواز و جۆراوجۆر هەیە. پێشتر ئەگەر یەکێک بیویستبا کە خورما وەکو دیارییەکی یادگاری بەکاربێنێت، ئەوا هیچ شتێکی تایبەتمان لەو بارەیەوە نەبوو". هەربۆیە مەیسەم بۆ ماوەی چەند مانگ کاری لەسەر دیزاینکردن و لە پاکەتکردنی خورما کرد کە بەجۆرێک بێت مێژووی دەوڵەمەندی عێراق نیشان بدات. ئیتر مەیسەم بەرهەمەکەی دیزاینکرد و ئامادەیکرد و دەستیکرد بە فرۆشتنی بە شێوەیەکی کەم، بەڵام بەتێپەڕبوونی کات، کارەکەی گەشەی سەند و دەرفەتی زیاتری کاریش ڕەخسا.
پێش هاتنە بەرحییە، موستەفای ٣٧ ساڵ کارێکی مەترسیداری لەبەرانبەر مووچەیەکی کەم بۆ کۆمپانیایەکی هەڵگرتنەوەی مین لەبەسڕە دەکرد. گوتی کە ڕۆڵ و کارکردن لە قاوەخانەی بەرحییە دونیایەکی جیاوازە. موستەفا وەکو کارێکاری گەیاندن لە بەرحییە کاریدەکرد، دواتر بووە ژمێریار و پاشان بەڕێوەبەر. ئەو حەز و خولیایەی موستەفاش بۆ ئەو کارە ئەوکاتە سەری هەڵدا کە قاوەی دروستکرد و بۆی دەرکەوت کە حەزی لەو کارەیە.
موستەفا گوتیشی "بەڕاستی شتێکی نایابە کە قاوەچیاتی دەکەی. هەستێکی خۆشم پێدەبەخشێت. هاوڕێیەکی زۆرم پەیداکردووە لەگەڵ ئەو کاسانەی کە ڕۆژانە دێنە ئێرە". موستەفا خۆی خۆی فێری هونەری قاوەچیاتی کردووە، تەنانەت مینوی-لیستی جۆرەکانی قاوەی- قاوەخانەکەش هەر خۆی ئامادەیکردووە، وەکو لاتیش و کاپۆچینۆ کە بە گوێز و خورمای بەرحییە تامێکی زۆر تایبەتی هەیە.
لە ساڵی ٢٠٢١ دا، داواکاری بەرحیە بۆ پێدانی هاوکاری ماددی بە بڕی ٣٠,٠٠٠ دۆلاری ئەمریکی لالەیەن سندوقی گەشەپێدانی پڕۆژەکان (EDF)ەوە پەسند کرا. تا ئێستا تەنیا مەبلەغی یەکەمیان وەرگرتووە، بەڵام ئەو بڕەش هەر یارمەتی داون کە کەرستەی زیاتری تێکەڵکردن، فڕنیەکی تازە و چەند ئامێرێکی دیکە بۆ قاوەخانەکە بکڕن. لە دەرئەنجامی ئەمەش، بەرهەمی قاوەخانەکە بەڕێژەی لە٣٠% بۆ ٤٠% زیادیکرد، لە مانگەکانی داهاتووش دا هاوکاری ماددی زیاتریش دەدرێتە ئەو قاوەخانەیە و بەمەش دەکرێت سێ دەرفەتی تازە کار بڕەخسێت.
ئیتر دوای ئەمانە، هیچ سنوورێک لەبەردەم گەیشتن بە ئاوات و خواستەکان نەماوە. لە ساڵی ٢٠٢٢ دا، مەیسەم لقی دووەمی قاوەخانەکی لەشاری هەولێر دەکاتەوە. هەروەها پلانی ئەوەشی هەیە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان مێژوو و هونەری خورما و خورماکاری عێراق بە کەسانی دەرەکی بناسێنێت لەڕێگەی کردنەوەی لقی قاوەخانەکە لە تۆکیو، دوبەی و نیۆیۆڕک.