بەرگدرووی ژمارە ١ - سلێمانی

مەهاباد شەریف لە ژینگەیەک گەورەبووە کە هەر دایکی، گوڵچین حەمید مەعروف-ی بینیووە خەریکی کاری جل و بەرگ درووین بووە بۆ تەواوی ئەندامانی خانەوادەکەی.

ئەگەرچی کە گوڵچینی دایکیشی هەمیشە هەر کاری بەرگدرووی نەکردووە، ساڵانێک بوو چاو بڕیبووە مەکینە دروومانەکەی خەسووی، بەڵام ترس و شەرمی هەبوو کە داوای لێ بکات. گوڵچین بە تێپەڕبوونی کات بوێری ئەوەی پەیداکرد کە داوای بەکارهێنانی ئەو مەکینەی دروومانە بکات و گوتی "ئيتر ووردە ووردە زانیم کە ئاساییە داوای لێ بکەم و هەوڵی درووین بدەم".

دواجار، هاوسەرەکەی مەکینەیەکی دروومانی بە دیاری دایە گوڵچین. ئەم مەکینەی دروومانەش بۆ ئەو خانەوادەیە بەس بوو لە هەموو ماوەی جەنگ و گەمارۆکانی ئێران لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکان. گەورەبوونی مەهاباد لە ژینگەیەک کە هەر سەیری گوڵچینی دایکی کردووە جل و بەرگی بۆ ماڵەوە دروویوە، بووە سەرچاوەی سەرهەڵدانی بیرۆکە و کەڵ کەڵەی ئەوەی کە مەهاباد دەیەوێت لە ژیانی خۆی چی بکات.

لە ساڵی ٢٠٠٣ دا، مەهاباد بەرگدرووی نەمبەر وەنی دانا و تەنیا یەک کارمەندی هەبوو، بەڵام ووردە ووردە سەردانیکەر و خواست لەسەر کارەکەی زیادیکرد. ئەوکاتەی لەساڵی ٢٠٢١ مەهاباد هاوکاری ماددی سندوقی گەشەپێدانی پڕۆژەکان (EDF) وەرگرت، ٥ کارمەندی هەبوو، بەو هاوکارییە ماددیە(EDF)، توانی ٥ دیکەش بخاتە سەرکار. گوتیشی "پلانی ئەوەم هەیە کە بۆ ساڵی داهاتوو ژمارەی کارمەندەکانم بکەمە ٢٠ کارمەند".

جگە لەوەی کە بەرگدرووی نەمبەر وەن هێزێکی زۆری مرۆیی خستووەتە کار، مەهاباد لە هەوڵی ئەوەش دایە کە سوود بە کۆمەڵگەش بگەیێنێت، ئەمەش لەڕێگەی هێنانی کەرستە خامەکان لە بازاڕی ناوخۆیی، بەم هۆیەش "کەسانی دیکەش بەهۆی لێ کڕینی ئەو کەرستە خامانەی (دروستکراوی عێراقە) سوودمەند دەبن". مەهاباد ئێوارانیش خولی فێربوونی بەرگدرووین بۆ ئەو کەسانە دەکاتەوە کە ئارەزووی فێربوونی ئەو کارە دەکەن و دەیانەوێت کارو بزنسی خۆیان هەبێت.

هەمەجۆریەتی لە کاری بەرگدرووین، خاوەنکاری و پەروەردەکارێک بوونەتە کلیلی سەرکەوتنەکانی مەهەباد. هەبوونی توانای خۆگونجاندن لەگەڵ ڕەوشەکە لەلایەن مەهابادەوە زۆر شتێکی گرنگ بوو، بەتایبەتی دوای قەدەغەی هاتووچۆ لەکاتی کۆڤید-١٩ لە ساڵی ٢٠٢٠ دا.

لەو کاتەدا مەهاباد ناچاربوو دەرگای دووکانەکەی بۆ ماوەی ٦ مانگ دابخات. بەڵام لە بری دەستەوەستان بوون، ستافەکەی هەڵسان بە درووینی ماسک بەشێوەیەکی بە خۆڕایی بۆ نەخۆشخانەی هیوای تایبەت بە شێرپەنجە. لەکۆتاییدا، دەستیان بە درووینی ماسک بۆ سەرانسەری شار کرد.

بە درێژای ساڵی ٢٠٢٠، بەرگدرووی نەمبەر وەن توانی لە کارەکانی بەردەوامبێت بێ ئەوەی تەنانەت یەک کارمەندیش بەڕێ بکات.

وەرگرتنی بڕی ٢٢,٠٠٠ دۆلاری ئەمریکی هاوکاری ماددی لە سندوقی گەشەپێدانی پڕۆژەکان (EDF) لەماوەی چەند مانگی ڕابردوو بووەتە پاڵنەرێک بۆ بزنسەکە تا بەشێوەیەکی زۆر باشتر لە قۆناغی دوای کۆڤید-١٩ەوە دەرکەوێتەوە.  مەهاباد سێ مەکینەی دیکەی کڕیووە کە مەکینەی دروومان، مەکینەی نەخشاندن و مەکینەی ناو و لۆگۆ لێدانی جل و بەرگن. بۆ ڕیکلامکردن بۆ کارەکەی، مەهاباد لەگەڵ شارەزایەکی بواری سۆشەڵ میدیای ڕێککەوت کە ئینستگرامی بەناوی @bargdrwy.number1 بۆ دانا. هەموو ئەو مەکینە نوێیانە و گۆڕانکاری و ناساندنە وایکرد کە دوای وەرگرتنی هاوکارییە ماددییەکەی (EDF)، قەبارەى کارکەی بۆ دوو هێندە گەشەبکات.

ئێستا مەهاباد لەسەر کارەکەی خۆی لە پشت مێزەکەی دانیشتووە و گوێ لە داواکاری موشتەرییەکانی دەگرێت و مەکینەکانی دروومانیش لە پشتی ئیش دەکەن. تۆپی دەزووی ڕەنگاوڕەنگ لەدیواری نزیک پەنجەرەی گەورەی دووکانەکە هەڵواسراون. قوماشی ڕەنگاوڕەنگ و جۆراوجۆر و کەرستەی ڕستن و چنینیش لەو دەست بۆ ئەو دەست دەکات کە بەهۆی قۆناغە جیاجیاکانی درووینە لەو شوێن بۆ ئەو شوێنەوە دەجوڵێن.

کریکارەکانیشی باسی ئەوەیان دەکرد کە چۆن کارکردنیان لەوشوێنە یارمەتی داون کە پارەی خەرجییەکانیان بە زیادەوە دەست بکەوێت، هەروەها جگە لە سوودمەندبوونی هەرودوو لایەن، بوونەتە هاوپیشە و دۆستی یەکتریش. کرێکارەکان لە دووکان بەوپەڕی ڕووحیەتەوە گرنگی بە کارەکانیان دەدەن: قیاسەکانیان هەڵدەبڕن و نیشانی دەکەن، ئیینجا دەیدوورن و پاشان دەینەخشێنن.

ڕێناس عومەری تەمەن ٢٥ ساڵ ماوەی ساڵێکە وەکو بەرگدرووێک لەم بەرگدرووە کاردەکات. ڕێناس هەر لە پشت مەکینەی دروومانەکەی وەستابوو و بە وریاییەوە شوێنی هەڵبڕینی قوماشە سەوزەکەی بەردەستی دەخستە سەر یەکتری تا بیدروێت و باسی ئەوەشی دەکرد کە ئەو پارەی لەم دووکانە دەستی دەکەوێت بەشێوەیەکی باش پاڵپشتی خانەوادە پێنچ کەسیەکەی پێدەکات.

هەروەها گوتیشی "ئەم کارە نەک هەر تەنیا پەیداکردنی پارەی خەرجییەکانە، بەڵکو فێربوونی شارەزایی و لێهاتوویەکیشە و پەیداکردنی برادەر و هەبوونی لایەنی کۆمەڵایەتی ژیانیشە".

هەندێکجار ئەو کارمەندە ئافرەتانەی دووکانەکە بە سوعبەتەوە دەڵێن ئەگەر مەهاباد نەشتوانێت پارەیان بداتێ، ئەوان هەر بۆ دووکانەکە دێن، تەنیا بۆ ئەوەی بەیەکەوە بن.

مەهاباد گوتی "ئەگەر تەنیا بۆ ئەوە کار بکەی کە پێویستت بەو کارەیە، ئەوا بەدڵنیاییەوە چێژ و خۆشی لێوەرناگری. بەڵام ئەگەر لە ناخی دڵتەوە ئەو کارەت خۆشبوێت، ئەوا هیچ بەلاتەوە زەحمەت نابێ. من وەک خۆم هەموو ڕۆژێ چێژ لە کارەکەم وەردەگرم، بەتایبەتی کە دەبینم ئەم بزنسە جیاوازی لە ژیانی کارمەندەکانم دروستکردووە".

نوێترین چیرۆکەکان

فیدباکی خۆتمان بۆ بنێرە