بەگەیشتن بە دەرگای دووکانی شیرینی سەعدیە حەمزە لە دیووی پشتەوە، دەستبەجێ ژاوەژاوی شەقامە قەرەباڵغەکانی شاری بەغدا نامێنێت و ئارامی باڵدەکێشێتەوە. لە حەوشەیەک کە پڕە لە داری هەنجیر و لیمۆ، ئافرەتێک دانیشتووە و خەریکی پیاز پاککردنە و لەولاشەوە مریشکەکان دەلاوەڕان و دەنووکیان لە گژوگیایەکە دەگێڕا. لە ژووری سەرەوەش، کوڕۆکەیەک خەوتووە و دایکیشی، ڕاندا سەعدی تەمەن ٤١ ساڵ، باسی ئیش و کارە گرنگەکانی ئەو ڕۆژە بۆ کارکەرەکان دەکات.
ئارد و هێلکە و ڕۆن و شەکرەکە تێکەڵ دەکرێن و هەویرەکە ھەڵدێت، سەوزەواتەکەشی بۆ زیاددەکرێت تا بە لەزەتتر بێت، پاکەتە شیرینییەکان بۆ گەیاندن ئامادەدەکرێن.
هەردوای کردنەوەی دووکانی شیرینییەکە، حەنان خەیری بە دڵخۆشییەوە دێت و پاکەتە شیرینییەکان دەبا و لە دائیرە و فەرمانگە حکومییەکان دەیانگێڕێت. حەنان گوتی "چەند ساڵە دێمە ئێرە و ئەو شیرینیە زۆر خۆش و بەتامە".
حنان هەرکە شیرینییەکانی تەواوکرد، دەێتەوە و پارەکان دێنێتەوە.
ڕاندا لەڕێی فەیسبووکەوە بە بەخشینی هاوکاری ماددی سندوقی گەشەپێدانی پڕۆژەکان (EDF)ی زانی. دوای ئەوەی بە سەرکەتووی پڕۆسەی داواپێشکەشکردنەکەی ئەنجامدا، دووکانی شیرینییەکەی بڕی ١٥,٠٠٠ دۆلاری ئەمریکی هاوکاری ماددیکرا. ئەو پارەیەش وایکرد کە بتوانێت سێ فڕنی تازە، ئامێرێکی سووردکردنەوە و ئامێرێکی تێکەڵکردن بکڕێت. سێ کرێکاری تازەش لەپاڵ پێنج کرێکارەکەی دیکەی خۆی دەستیان بەکار کرد. لە ئێستاش دا، لەگەڵ بەرزبوونەوەی خواست، شوفێری سێیەمیشیان بۆ گەیاندنی شیرینییەکان گرتووە.
دەوروبەری کاژێر ١٠:٣٠ی بەیانی، یاس سەمیر بۆ بردنی شیرینییەکان دێت. لەماوەی ئەو حەوت ساڵ کارکردنە لەگەڵیان، یاس ئەوەی تێبینیکردووە کە دووکانی شیرینی دایکی ساهر پەرەی سەندووە و، خۆشی سوودی لە بەردەوامبوونی ئەو دووکانی شیرینییە بینیووە. لەگەڵ زیادبوونی فرۆش، کاژێرەکانی کارکردنی یاسریش زیادیکرد. هەربۆیە، ئێستا سەرەڕای کاری گەیاندنی لەڕۆژدا، لەدوای خۆرئاوابوونیش گەیاندن بۆ ئەو شوێنانە دەکات کە بۆنەیان هەیە.
ڕاندا، کە لەتەمەنی ١٥ ساڵی دا هاوسەر گیریکرد، بڕیاری کردنەوەی ئەو دووکانی شیرینییەی دا تا پاڵپشتی خانەوادەکەی بکات. هاوسەرەکەشی کاری چاککردنەوەی سپلیت و فێنکەرەوە دەکات، بۆیە خەرجی ماڵەوەیان دابەشکردووە، ڕاندا کرێی خانوو و کرێی خوێندنی قوتابخانە مەسرەفی ڕۆژانە دەکات. ڕاندا گوتی "ئەستەم بوو بۆمان بتوانین تەنیا بە پارەی پیاوەکەم خانەوادەکمان بژیێنین".
ئەگەرچی ڕاندا خەون و خواستی زیاتر فراوانکردنی کارەکەی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا دوای ئەو هەموو ساڵە و ڕووبەڕوونەوەی چەند دۆخێکی پڕ ئاڵنگاری و زەحمەتی، ئێستا بۆ یەکەمجار هەست بە ئارامی و ئاسوودەی دەکات.
سەرەتا، لە ٢٠١٩، ناچاربوو دووکانی شیرینییەکەی بۆ ماوەی چوار مانگ دابخات لەبەر ناڕەزای و ئەو خۆپیشاندانانەی دژی گەندەڵییەکانی حکومەت ئەنجامدەدران، دواتریش لەبەر کۆڤید-١٩ بۆ شەش مانگ دایخست، کە ئەمەش زەبرێک بوو بەر خۆی و کارمەندەکانی کەوت.
٢٠٢١ ساڵی بوژانەوە بوو.
بە سوپاسەوە بۆ هاوکاری ماددی سندوقی گەشەپێدانی پڕۆژەکان، ئەوە ئەو ساڵەبوو کە وەفا عەباس هاتە سەرکار. وەفا تازەترین کارمەندی دووکانەکەیە. وەفاش زۆر سوپاسگوزاربوو کە کارێکی دەستکەوتووە لەبەرئەوەی خەڵکانێکی زۆر بەدوای کارەوە وێڵن، بەتایبەتی دوای ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠٢٠ ناچاربوو لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت نەشتەرگەری دەرهێنانی منداڵدان ئەنجامبدات.
بە گشتی، لە عێراق دا خزمەتگوزاری تەندروستی لە نەخۆشخانە حکومییەکان دا بەخۆڕاییە، بەڵام دکتۆرەکەی بە وەفای گوتبوو کە دەبێت دەستبەجێ و بەپەلە ئەو نەشتەرگەریەی بکات، نەک بۆ ماوەیەکی درێژ سەڕە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە بگرێت. وەفا گوتی "لە نەخۆشخانەی حکومی دەبوو چەند مانگێک چاوەڕێ بەرکەوتنی سەڕەی ئەو نەشتەرگەرییەبکەم، ئەوکات لەوانەبوو بمردبام".
نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتووبوو، بەڵام وەفا کەوتە ژێرباری قەرزێکی زۆرەوە. کارەکەی وەفا لەو دووکانی شیرینییە ئامادەکردنی کولێرە بە گۆشت بوو بۆ عەسران، ئەم کارەش لە گەشتە دوورودرێژەکەی بوژانەوەی باری دارایی یارمەتی دەدا.